ورده سه‌رنجێك له شه‌رحی ديواني نالي
سه‌ردێڕی وتار :
ورده سه‌رنجێك له شه‌رحی ديواني نالي .
نوسه‌ر : ئه‌میر شه‌ریف پوور .
ساڵی89- 88.
پێڕست :
سه‌ردێڕ لاپه‌ڕه
کورته ...................................................................................
پێشه‌کی .................................................................................
الف : مانا و بۆچونێکی ديکه ، له چه‌ن شێعری مامۆستا نالی .........................
ب :هه‌ڵه له مانا کردنه‌وه‌ی وشه‌دا........................................................
ب.1 : هه‌ڵه له مانا کردنه‌وه‌ی وشه‌فارسیه‌کاندا ......................................
ب.2 : هه‌ڵه له مانا کردنه‌وه‌ی وشه کوردییه‌کاندا .....................................
ب.3 : هه‌ڵه له مانا کردنه‌وه‌ی وشه عه‌ره‌بیه‌کاندا ....................................
پ : ڕازه وێژه‌ریه‌کان ....................................................................
ئاکام ....................................................................................
کورته(چه‌کيده):
شاعێر ئه‌گه‌ر به سه‌ر زمانی ئه‌ده‌بی خۆییدا زاڵ بێ ، مه‌به‌ستی خۆي به‌شاراوه‌یی ڕاده‌گه‌ێنێ و وردبوونه‌وه له شێعر و مه‌به‌سته‌کانی پێویست تره .
مامۆستا نالی ، له‌و که‌ڵه شاعیرانه‌یه که له شێعردا بۆ ده‌ربڕینی مانا و مه‌به‌ستی جۆراوجۆر به زمان و وشه کایه‌ی زۆری کردوه . هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆێک، بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بابه‌ت و مه‌به‌سته‌کانی‌و ، شه‌رح و شڕۆڤه‌ی شێعره‌کانی، وه‌رددانه‌وه‌ێکی زیاتری ده‌وێ.
لێره‌دا به خوێندنه‌وه‌ێکی نوێوه سه‌رنج ده‌ده‌ینه هه‌ڵه‌گری و شڕۆڤه‌ی دیوانی مامۆستانالی ،له‌لایه‌ن مه‌لاعه‌بدولکه‌ریم ی مودرریس وفاتێح عه‌بدولکه‌ریمه‌وه. چوونکه ده‌ڵێن : « هه‌ر ده‌قێ که مرۆڤ نووسیبێتی، مانا و مه‌به‌ستێکی هه‌یه که مه‌به‌ستی‌بیر و زه‌ینی نووسه‌ر بوه و، دۆزینه‌وه‌ی قه‌ست و نیازی دانه‌ر ، هه‌رچی بێ کارێکی دژوار و نه‌گونجاو نییه.» [1]
پێشه‌کی:
بێ گومان مامۆستا نالی یه‌کێ له گه‌وره‌ترین و پایه‌به‌رزترین شاعیرانی ئه‌ده‌بی کوردیه و دیوانی هۆنراوه‌کانی به جوانی نیشانده‌ری ئه‌م ڕاستیه‌یه و ئه‌م مامۆستا و شاعێره به ناوبانگه له سه‌رده‌مێکدا به زمانی کوردی شێعری هۆنیوه‌ته‌وه که دوو زمانی عه‌ره‌بی و فارسی ، زمانی ڕه‌سمی نوسینی زانستی و ئه‌ده‌بی ناوچه بوون . ئه‌م شاعیره بلیمه‌ته بۆ ده‌رخستنی ئه‌وه‌ی که زماني کوردیش بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆزی ده‌رونی و به‌یانی چه‌مک و بابه‌تی جۆراوجۆری ئه‌ده‌بی،له‌م دوو زمانه دواکه‌وتووتر نییه ؛ به زمانی کوردی شێعری هۆنیوه‌ته‌وه . بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که به کوردی نووسینه‌که‌ی، هۆیی نه‌تو‌انینی شێعر وتنی به‌م زمانانه نییه ؛ به عه‌ره‌بی و فارسیش چه‌ن شێعرێکی داناوه.
نالی له نووسینی شێعره کوردیه‌کانی دا وشه و ده‌سته‌واژه‌یی فارسی و عه‌ره‌بی زۆر به‌کار هێناوه و له زاراوه جیاوازه‌کانی زمانی کوردیش که‌ڵکی زۆری وه‌رگرتوه . ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نیشانه‌ی شاره‌زایی و وه‌ستایه‌تی مامۆستانالی له‌سه‌ر زمانی فارسی و عه‌ره‌بی و ئاشنایی باشی له‌گه‌ڵ زاراوه جیاوازه‌کانی زمانی کوردیدایه. وه هه‌روه‌ها ئه‌م کاره بووه‌ته هۆیی درووس بوونی ماناگه‌لی جیاواز بۆ زۆربه‌یی وشه و ده‌سته‌واژه‌کان .
ئه‌م شاعیره به‌هره‌داره ، شێعره‌کانی خۆیی به جۆرێک داڕشتووه که زۆربه‌یی "وشه " و " ده‌سته‌واژه " و " ڕسته" و " دێڕه‌کانی" ده‌توانن زیاتر له یه‌ک واتا و مه‌به‌ستیان ببێ و خوێنه‌ر ده‌توانێ مانای جۆراوجۆر له شێعره‌کان لێکبداته‌وه.
ئه‌م هه‌ستیاره ناسک خه‌یاله ، له رازه‌وێژه‌ریه‌کان(ئارایه‌های ئه‌ده‌بی) که‌ڵکی جوانی وه‌رگرتوه و هه‌ست و خه‌یاڵ له هۆنراوه‌کانی دا ڕوون و ئاشکرایه و زۆر شت له شێعری ئه‌و دا گیان له‌به‌ر و زیندوون.
ئێمه لێره‌دا نامانه‌وێ له سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی شێعری نالی بدوێین . ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئێمه‌یه ،سه‌رنجدانێکی ورده له هه‌ڵه‌گری و شڕۆڤه‌ی(ته‌سحیح و ته‌وزیح)ی دیوانی نالی، له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌لاعه‌بدولکه‌ریم ی مودرریس وفاتێح عه‌بدولکه‌ریمه‌وه.
به‌پێی ئه‌و، پێشه‌کییه جوانه‌ي که مامۆستا هێمن له سه‌ر ئه‌م دیوانه وگرینگی کاره‌که‌ی مامۆستا مه‌لاعه‌بدولکه‌ریم نوسیویه‌تی، وه هه‌روه‌ها، چۆنیه‌تی ئه‌نجام دانی ئه‌م کاره که فاتێح عه‌بدولکه‌ریم له سه‌ره‌تاي ئه‌م کتێبه‌دا به چڕ و پڕی ئاماژه‌ي پێ کردووه ، گرنگی و به‌نرخ بوونی کاره‌که‌یانمان بۆ ده‌رئه‌که‌وێ. به‌ڵام هه‌ر کارێک هه‌رچه‌ن گرنگ و به‌نرخیش بێ، گۆمانی ئه‌وه‌ي لێ ده‌کرێ که له هه‌ڵه به‌دور نه‌بێ و به‌فه‌رموده‌ی مامۆستاهێمن:«هیچ کارێک،ئه‌ویش کاری وا ئه‌سته‌م وگران ،بێ که‌م وکووڕی نابێ.» (پێشه‌کی د. نالی)
له خوێندنه‌وه‌ي دیوانی نالی و شه‌رحه جوانه‌که‌ی مامۆستا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌رریس دا بينيم که له چه‌ن شوێنێک دا مانای بڕێک له دێڕه‌کان باش لێک نه‌دراونه‌ته‌وا یان بێجگه له‌و بۆچونانه‌ي ئه‌وان ، به‌یته‌که مانا و بۆچونێکی ديکه‌ش هه‌ڵده‌گرێ چونکه شاعێر خۆی ده‌فه‌رمێ :
« نه‌ظمي نالي ميثلي ئاو و ئاوێنه ره‌نگی نییه
دو ڕووه بۆ سه‌یری خاطر: یه‌ک خه‌فی، یه‌ک ئاشکار» (دیوانی نالی،ل 174)
یان چه‌ن وشه و ده‌سته‌واژه‌ی فارسی و زاراوه‌ی کوردی کوردستانی رۆژهه‌ڵات و وشه‌گه‌لێکی عه‌ره‌بی که به هاتنه ناو زمانی کوردی، ماناکه‌یان گۆردراوه ؛ دروس مه‌عنی نه‌کراونه‌ته‌وا.
شتێکی تر که جێی سه‌رنج و تێڕامانه ، رازه‌وێژه‌ریه‌کانه که له‌نیشان دانی ئه‌وان دا زۆرتر سه‌رنج دراوه‌ته سه‌ر رازه زاره‌کیه‌کان(ئارایه‌هاێ له‌فزی) وه‌ک جیناس و تیباق و ته‌ناسوب و... ، و رازه‌گه‌لێ وه‌ک ئیستعاره ، ته‌شبیه ، کینایه و ... که‌متر لێیان کۆڵیوه‌ته‌وه و له چه‌ن شوێنیش‌دا ئارایه‌کان به هه‌ڵه لێکدراونه‌ته‌وا .
له‌م وتاره دا ده‌مانه‌وێ چه‌ن نمونه له‌م هه‌ڵه و جوان بۆنه‌چوونانه له هه‌رکام له‌و به‌شانه‌ی سه‌ره‌وه که ئاماژه‌مان پێ‌کرد ؛ بخه‌ینه به‌ر چاو.
الف : مانا و بۆچونێکی ديکه ، له چه‌ن شێعری مامۆستا نالی :
1. ئه‌ی قوببه‌یی طیبه که ده‌ڵێی حوققه‌یی طیبی! مه‌ئوایی حه‌بیبی!
مسکێنم و بۆ خاکی عه‌ترناکه‌که هاتووم به‌وبۆنه‌وه‌هاتم . ( دیوانی نالی،ل 266)
له‌م شێعره‌دا ئه‌وه‌ي سه‌رنج راکێش بێ وشه‌ي "مسکێن"ه . مامۆستا له ماناکردنه‌وه‌ي ئه‌م وشه‌دا نوسیویانه ،« مسکێن :فه‌لاحي بێ زه‌وي» (دیوانی نالی، ل 266) ئه‌م مانا زۆر جوان نيیه . به‌که‌سێک ده‌ڵێن فه‌لاح که زه‌وي ببێ و له‌سه‌ري کاربکا و که‌سێ که زه‌وي بۆ کشت وکاڵ نه‌بێ ئیدی فه‌لاح نییه. مامۆستا هه‌ژار مه‌عني ئه‌م وشه‌ي ئاوا لێک داوه‌ته‌وا «مسکێن : رایه‌ت ، ره‌عیه‌ت ، به‌رحوکمي ئاغا»(هه‌نبانه‌بۆرینه ،ل 808 ) مانای فه‌قیر و نه‌داریش ده‌دا.
مامۆستا له مانای ئه‌م شێعره دا نووسیویانه: ئه‌ی ئه‌و گومه‌زییه‌ی مه‌رقه‌د و مزگه‌وتی پێغه‌به‌ر له شاری مه‌دینه‌دا،که ئه‌ڵێی سندووقی بۆن خۆشیت (مه‌به‌ست له بۆن خۆشییه‌که لاشه‌ی پێغه‌به‌ره له ناو خاکا)،تۆ جێگای خۆشه‌ویسته‌که‌ی منی که پێغه‌به‌ره و، منیش مسکێنێکی بێ زه‌ویم بۆ ئه‌م خاکه بۆن خۆشه عه‌تراوییه هاتووم ، بۆنی ئه‌م خاکه ڕایکێشاوم ، یا به‌بۆنه‌ی ئه‌م خاکه عه‌تراوییه هاتووم.
پاشان ده‌نووسن : « ئه‌شگونجێ( مسکێن ) به(میسکین) بخوێنرێته‌وه واته میسکاوی و حه‌ز له میسک کرد‌و.» (دیوانی نالی، ل267) ئه‌گه‌ر وشه‌ي مسکێن به میسکاوي وکه‌سێک که به میسک وعه‌نبه‌ر بۆن خۆش بوێت ؛ لێک بدرێته‌وه ؛ده‌توانین "میسک" به دینی پیرۆزی ئیسلام دابنێن و شێعره‌که به‌م جۆره مانا بکه‌ینه‌وه:
"ئه‌ي گومه‌زی مه‌رقه‌د و مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ر که ده‌ڵێی سندوقی بۆن خۆشیت، تۆ جێگای خۆشه‌ویسه‌که‌ی منی و منی فه‌قیریش به عه‌تر و میسکی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆن خۆش بووم و موسوڵمانم و به‌ره‌و وڵاتی بۆن خۆشی حیجاز هاتووم و به‌م هۆیه وه هاتوم تا حه‌ج بکه‌م و قه‌بری موباره‌کی پێغه‌مبه‌ر زیاره‌ت بکه‌م و بۆن خۆش تر بم (بیر و باوه‌ڕم پته‌وتر بێت). "
2. ' نالی' ی‌و سینه‌یی بێ کینه‌یی چاکم ، ئه‌مما
چاکی دامه‌ن ته‌ڕم و وشکه سه‌رابی عه‌مه‌لم ( دیوانی نالی،ل 292)
له‌م به‌یته دا ئاماژه به مانای کینایی ده‌سته‌واژه‌ی "دامه‌ن ته‌ر" نه‌کراوه. "دامه‌ن ته‌ر" یان "ته‌ر دامه‌ن" ؛واته " فاسق ،فاجر ، عاصی، گناهکار"(ف . موعین)
ده‌توانین مانای ئه‌م شێعره به‌م جۆره‌ش لێک به‌ینه‌وه : شاعێر ده‌ڵێ : من نالیم و دڵێکی بێ ڕق و قین و کراوه و خاسم هه‌یه ئه‌مما من که‌سێکی به ڕواڵه‌ت چاک و پاکم وه له حه‌قیقه‌تدا گوناهبارم و خراپه‌م زۆره و سه‌رچاوه‌ی کاری چاکه‌م وشکه و کرده‌وه‌ی باشم نییه .ئه‌وه‌ي هه‌مه ، هه‌موي زاهیری و بێ ڕۆحه و وه‌ک سه‌رابی بێیاوان وایه که له دوره‌وه وه‌ک زه‌ریا ده‌نوێنێ و له نزیکه‌وه هیچ نییه‌و وشکه.
3. بۆ ده‌که‌ی ته‌کلیفی ڕه‌سمی ئولفه‌ت و یاری له من
که‌ی به صوحبه‌ت آشنایه سالیکی ڕێگه‌ی عده‌م. (دیوانی نالی،ل 310)
له‌م به‌یته‌دا وشه‌ی "صوحبه‌ت" چه‌ن مانای هه‌یه : قسه ، ڕه‌فاقه‌ت و هاونشيني ، شۆخی وقسه‌یی خۆش.
مامۆستا له مانای ئه‌م وشه دا نوسیویانه ؛ "صوحبه‌ت : ڕابواردن "؛ به‌ڵام له لیکدانه‌وه‌ی میسراعه که دا ده‌فه‌رمون : «که‌سێکیش ڕێبواری ڕێی نه‌بونی و مه‌رگ بێ شاره‌زای هاوڕێیه‌تی نییه.»
(دیوانی نالی،ل 310)
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی به‌یته پێشوه‌کان بده‌ین ،ده‌بینین ، هه‌مو‌یان باسی خه‌مینی و ناره‌حه‌تی به ده‌س خه‌م و خه‌فه‌ته‌وه ده‌که‌ن و ئه‌وه ده‌ڵێن که شادی و خۆشي نه‌ماوه و شاعیر ده‌ڵێ : له‌ززه‌تی دونیا به لای ئینسانی عاقڵه‌وه هیچ و پوچه و ئه‌وه‌ڵ و آخری ده‌رد و مێحنه‌ته و شان و شکۆی دونیایی بێ به‌قایه و تاسه‌ر نیه و...
دوای به‌یانی ئه‌م بابه‌تانه ، نالی ڕوو ده‌کاته که‌سێک (یان ئێمه)وه و ده‌ڵێ :"بۆچي داوا له من ده‌که‌ی که به شێوه‌ي دۆسایه‌تی و وه‌ک هاوه‌ڵێکی خۆشه‌ویستی قه‌دیمی له‌گه‌ڵتا به شه‌وق و زه‌وقه‌وه بدوێم ؛که‌سێک که ڕێبواری ڕێگه‌ی مه‌رگ و نه‌مان بێ ،که‌ی شاره‌زای شۆخی و قسه‌ی خۆش کردن و به که‌یف ڕابوارنه؟
4. منم سه‌ر کرده‌تان بۆ له‌شکری غه‌م ده‌ترسم من بڕۆم بشکێ سوپاتان. ( دیوانی نالی،ل319)
مه‌لاعه‌بدولکه‌ریم ئه‌م به‌یته‌ی ئاوه‌ها مانا کردووه‌ته‌وه :«ئه‌گه‌ر خه‌م خواردن بۆ ئێوه دابنێین به له‌شکرێک،ئه‌وا سه‌رله‌شکری ئه‌و له‌شکره منم و من له هه‌مووکه‌س خه‌می ئێوه‌م زیاتر له دڵدایه .جا بۆیه ئه‌ترسم ئه‌گه‌ر من بڕۆم ؛ له‌شکری، خه‌م بۆخواردنتان په‌کی بکه‌وێ و بێ سه‌ر له‌شکر بمێنێته‌وه و ببه‌زێ و که‌س نه‌بێ خه‌متان بخوا. مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه بڵێ که‌س نازانێ وه‌ک من خه‌م بخوا و ئاگادارێ خه‌م بکا و کار و باری به‌ڕێوه به‌رێ. »( دیوانی نالی،ل319)
بێجگه له‌و بۆچونه‌ی ئه‌وان ئه‌توانین مانای ئه‌م به‌یته ئاوه‌هایش لێکبده‌ینه‌وه که مامۆستا نالی ، له‌م به‌یته‌دا دو له‌شکری "خه‌م" و"مرۆڤ" ی له به‌رانبه‌ر یه‌کدا داناوه و ده‌ڵێ : من سه‌رکرده‌ی له‌شکری مر‌ۆڤم بۆ به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ له‌شکری خه‌م دا؛ وه وه‌ک سه‌رکرده و پاڵه‌وانێکی ئازا به ته‌نیا شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ده‌که‌م و هه‌مووی خه‌مه‌کان ده‌خۆم و له‌بینیان ده‌به‌م ،بۆ ئه‌وه‌ی که ئیتر کس خه‌م نه‌خوات. جا ئه‌ترسم ئه‌گه‌ر من-که خه‌مخۆری هه‌مووتانم – لێره بڕۆم یان بمرم ؛که‌سێکی تر خه‌م خۆرتان نه‌بێ و له‌شکری خه‌م بتان به‌زێنێ و تیاتاناببا.
نموونه‌ێکی باش بۆ ئه‌وه‌ی که شاعیران دو له‌شکری "خه‌م" و"مرۆڤ" له به‌رانبه‌ر یه‌ک دا داده‌نێن ، ئه‌م به‌یته‌ی حافزی شیرازیه که ده‌ڵێ :
«اگر غم لشکر انگیزد که خون عاشقان ریزد
من و ساقی به هم تازیم و بنیادش براندازیم » (دیوان غزلیات حافظ ص510)
5. ئه‌ي نه‌فسي مورائی! چ گران باری ،ته‌کالیف
بۆ خه‌ڵقی ده‌کێشی. ده هه‌ڕۆ ڕێش و جه‌ده‌و به. (دیوانی نالی،ل392)
له‌م به‌یته‌دا به گۆڕینی شوێنی کاما(،)ده‌توانین شێعره که به‌م جۆره‌ش بخوێنینه‌وه:
ئه‌ی نه‌فسی مورائی! چ گران، باری ته‌کالیف
بۆخه‌ڵقی ده‌کێشی. ده‌هه‌ڕۆ ڕێش و جه‌ده‌وبه .
به بڕوای من ئه‌م جۆره خوێندنه‌ویه‌ش جوانه، چونکه ئه‌گه‌ر سه‌رنجی به‌یته‌که بده‌ین بۆمان ده‌رئه‌که‌وێ که "بار " ده‌کێشرێ نه‌ک "ته‌کالیف" وه "باری ته‌کالیف" ته‌شبیهی به‌لیغه و، ته‌کالیف به بار شوبهێنراوه.
واته: ئه‌ی نه‌فس یان ئینسانی ڕیا باز ! چه‌نده سه‌خت و گران ، باری عیباده‌ت و ته‌کلیفی دین و شه‌ریعه‌ت بۆ ڕیا و ڕوپامایی خه‌ڵک ده‌کێشی . چونکه باری عیباده‌ته ڕیاییه‌که‌ت زۆر قورسه ؛ده بڕۆ هه‌ر وه‌ک وڵاخ ، له‌ژێر ئه‌م بارقورسه‌دا ، پشته ڕێشه‌ت توش ببێ و ناو شانت داڕزێت .
6. صۆفی که گران باره ، بێ مه‌غز و سه‌بوک باره
صووف پۆشی غه‌می باره ، ئه‌وباری له‌کن په‌شمه (دیوانی نالی،ل474)
« واته : سۆفی که ڕیش و مێزه‌ره و ته‌زبێحێکی گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتوه و باری خۆی پێ قورس کردوه ، له ڕاستیدا کابرایه کی بێ مێشک و بێ کاره . ئه‌و خوری پۆشه‌ی که باری خه‌می به سه‌رشانه‌وه بێ و بیربکاته‌وه ، گوێ به کورگ و خوری نادا و ئه‌و جۆره شتانه‌ی به لاوه هیچ و بێ ئایه و مایه‌یه .» (دیوانی نالی،ل474)
له‌م به‌یته‌دا وشه‌ی "گران بار" جێی سه‌رنجه و مانا نه‌کراوه‌ته‌وه . له فه‌رهه‌نگی موعیندا ، شه‌ش مانای بۆ نوسراوه «1- آن‌كه باري گران دارد ،سنگين‌بار.2- سنگين وزن ، ثقيل .3- چاق و فربه . 4- مكدر، اندوهگين و دلتنگ 5- شخصي كه مال و اسباب و بنه و غنايم بسيار دارد . 6- غير قابل تحمل ، تحمل ناپذير . »
"گران بار" ، له‌م به‌یته‌دا ، کینایه له تاوانبار و گوناهباره . بێجگه‌له‌مه ، له‌و مانایانه‌ی سه‌ره‌وه ، مانای شه‌شه‌م زیاتر به مانای ده‌قه‌که ده‌خوات ، واته ڕۆح قورس و ڕه‌زا گران .
له میسراعی دووهه‌میشدا ، ده‌توانین وشه‌ی " ئه‌وباری" به " ئه‌و ، باری " بخوێنینه‌وه .
به‌پێی ئه‌م ته‌وزیحه ، ده‌توانین بڵێین : مامه‌سۆفی که گوناهبار و ڕه‌زاقورسه ، بێ مێشک و تێنه‌گه‌یشتوه ، وه ئه‌و لیباسه زبر و په‌شمینه‌ی ،له ترسی ده‌رکه‌وتنی تاوانه‌کانی و ، بۆ داپۆشینی ئه‌وان له‌به‌رکردوه ، ئه‌گینا ئه‌و ده‌ربه‌ستی گوناه و تاوان نییه و ئه‌م باری تاوان و کورک و خوری و ڕیش و په‌شمه‌ی به‌لاوه پووچ و بێ مایه و بێ بایه‌خه.
7. دامه‌نی پاکی مه‌داری دائیره‌ی خامه‌ک نییه
خوینی مه‌قتوولانه وا دامێنی یاری گرتوه. (دیوانی نالی، ل 540)
چۆن خوێندنه‌وه و ته‌وزیحی ئه‌م به‌یته ، بۆچوونێکی دیکه‌یش هه‌ڵده‌گرێت . مه‌لاعه‌بدولکه‌ریم له میسراعی یه‌که‌مدا ، وشه‌ی " پاکی" به عینوانی مۆزافون ئیله‌یه‌ْ (مضاف الیه) داناوه . " پاکی مه‌دار" واته "مه‌دار و خولگه‌ی پاکی" که ته‌رکیبی ئیزافی مه‌قلوبه .
بۆچونی ئه‌وان ئاوایه :« داوێنی یار که خولگه‌ی پاکی و خاوێنییه و هه‌مو پاکی و داوێن پاکییه‌ک ئه‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌و ، وه‌نه‌بێ له‌به‌ر ئه‌وه شین بکاته‌وه که له قوماشی خامه‌ک دروست کرابێ .ئه‌و ره‌نگه شینه‌ی پێوه‌یه‌تی ره‌نگی خوێنی دڵداره کوژراوه‌کانیه‌تی داوێنی گرتوه .» (دیوانی نالی،ل 540)
نازانم بۆچی "خامه‌ک" ی به ڕه‌نگی "شین " زانیوه ؛ چونکه له‌گه‌ڵ خوێندا هیچ ته‌ناسوبێکی نییه و خوێنی دڵداره سووره نه‌ک شین.
مامۆستاهه‌ژار له مانای ئه‌م وشه دا نوسیویانه :« "خامه‌ک": قه‌نه‌وز، خام ، پارچه‌ێکی بنه‌وشی ئاماڵ سوره له ره‌نگی ئه‌رخه‌وان ده‌کا . ف: قناویز» (هه‌نبانه‌بۆرینه)
دوکتور موحه‌ممه‌دی موعین له مانای"قناویز"دا نوسیویانه :«قناويز : قسمي پارچه‌ي ساده‌ي ابريشمين(غالباً سرخ رنگ)» (فر‌هنگ فارسی ، معین)
ئه‌گه‌ر وشه‌ی "پاک" به سیفه‌ت دابنێین بۆ " دامه‌ن" ؛ دامه‌نی پاک یان داوێنی پاک ،کینایه‌یه و دو مانای هه‌یه 1- کراس و دامێنێ که پاک و ته‌میس بێ. 2- داوێن پاک و بێ‌تاوان ،که‌سێک که گوناح و كاری خراپی نه‌کردبێ.
واتا: یار بێ تاوان و داوێن پاکه و سوور بوونی دامێنی کراسه‌که‌ی ، به هۆی ئه‌وه‌وه نییه که له خامه‌کی سوور درووست کراوه ،به‌ڵکو به هۆی ئه‌وه‌وه‌یه که خوێنی کوژراوانی ئه‌وینی ئه‌ون که له داوێنی پژاوه و سووری کردوه . یان ، خوێنی دڵداره ڕاسته‌قینه‌کانییه‌تی که دامه‌نگیری بون و هانایان بۆهێناوه که بیان کوژێت تا له ده‌س ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی خه‌می ئه‌وینی خۆی ڕزگاریان بکات ، دامێنی سووری کردوه و خوێنی دڵداره‌کانی یه‌خه‌ی گرتوه و تووشی تاوانی کردوه .
8. گه‌رد و بادی هیجری تۆ وا عاله‌می لێ کردمه تۆز
نه‌ک دوچاوم ، به‌ڵکه حه‌تتا دڵ غوباری گرتوه (دیوانی نالی، ل540)
له‌م به‌یته‌دا ئه‌گه‌ر به جێگه‌ی «گه‌رد و بادی هیجری تۆ » ، «گردبادی هیجری تۆ » بوایه جوان تر ده‌بو. چونکه شاعێر هیجر و دوری یاره‌که‌ی به«گردباد» ،واته(گێژه‌ڵووکه) شوبهاندوه، وه شوبهاندنی هیجری یار به"گه‌رد" و "باد" جوانی تێدا نییه و هیجری یار وه‌ک گێجه‌ڵووکه - چۆن وڵات ده‌شێوێنێ و وێرانیه‌کات – ده‌روونی عاشق ده‌وروژێنێ و حاڵ و وه‌زعی ده‌شێوێنێ .
هه‌روه‌ها ،دو وشه‌ی "گه‌رد" و "تۆز" به یه‌ک مانان و دوپاته‌کردنه‌وه‌که‌ی له باری مانایییه‌وه جوانی تێدا نییه و نالی قه‌ت ئه‌و دووپاته ناحه‌زه به‌کار نابات .
له‌لاێکی دیکه‌یشه‌وه ، "گه‌رد" و "باد" دو شتی جیاوازن . ده‌بوا شاعێر بینوسیاێ:
"گه‌رد و بادی هیجری تۆ وا عاله‌میان لێ کردمه تۆز"
نه‌ک دوچاوم ، به‌ڵکه حه‌تتا دڵ غوباری گرتوه .
ئه‌مه نیشان ده‌دا که ، یان ده‌قی ده‌سنووسه‌که به هه‌ڵه نووسراوه یان نالی مه‌به‌ستی له "گه‌رد و باد" هه‌مان "گردباد" بوه ، بۆیه به موفره‌د به‌کاری بردوه نه جه‌مع .
9. بنواڕه خۆشیی ڕه‌قصی له گه‌ڵ خه‌رقه‌یی ئه‌زره‌ق
مومکین نییه به‌م پاکییه ، له‌م ئه‌رضه، سه‌ماێ (دیوانی نالی،ل 705)
مه‌لاعه‌بدولکه‌ریم له مانای ئه‌م به‌یته‌دا ده‌ڵێن: «سه‌یرکه زه‌وی به به‌رگی شینی به‌هارییه‌وه چۆن ئه‌شنێته‌وه؛ ئه‌ڵێی سه‌ما ئه‌کا .سه‌یرکه شنه‌که‌ی سه‌ماێکی چه‌ند جوانه .سه‌مای وا پاک ، یا ئاسمانی وا سایه‌قه‌ی ساماڵ و خاوێن ، له‌م ڕوی زه‌وییه‌دا نایه‌ته‌دی.» (د.نالی ل 705)
بۆچون و لێکدانه‌وه‌ی مانای ئه‌م به‌یته به‌م جۆره جوان نییه و له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ي بابه‌تی به‌یته‌کانی پاش و پێشی دا یه‌ک ناگرنه‌وه.
ناوه‌رۆکی ئه‌م غه‌زه‌له وه‌سفی حاڵ و به‌یانی شادی و خۆشی عاشق یا شاعێره له وه‌ی که ، هه‌میشه دڵی له‌لای دڵارامه‌که‌یه‌تی و هه‌رچه‌ند که مومکینه سه‌رنج و دڵی یاره‌که‌یشی بۆ لای خۆی ڕانه‌کێشابێ به‌ڵام ، هه‌ر دڵ خۆش و سه‌ر خۆشه و له‌به‌رخۆیه‌وه ورته‌ی دێ و هه‌ڵه‌په‌ڕێ و... . بێجگه‌له‌مه ، له شێعره‌که‌دا جێناو(زه‌میر)ی "ی" له وشه‌ی"ڕه‌قصی" دا مه‌ڕجه‌عێکی هه‌یه و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌سه‌ری، وه ئه‌و مه‌ڕجه‌عه وشه‌ی "عاشق" ه له به‌یتی پێشوودا .
(عاشق دڵی نایێ له‌دڵارامی جودابێ ئه‌ڵبه‌ت که دڵارامی له‌وێ بێ ، دڵی نایێ)
مانای ئه‌م به‌یته به‌م جۆره جوانتره : سه‌یر و ته‌ماشای خۆشی ڕه‌قس و سه‌مای عاشق له‌گه‌ڵ خه‌رقه شینه‌که‌ی دا (یان به خه‌رقه شینه‌که‌یه‌وه) بکه‌ن که چه‌ند خۆش هه‌ڵده‌په‌ڕێ؛ مومکین نییه سه‌ما و ڕه‌قسی ئاوه‌ها خۆش و پاک له‌م سه‌رزه‌وییه‌دا به‌دی بکرێ .
ب : هه‌ڵه له مانا کردنه‌وه‌ی وشه‌دا:
هه‌ر وه‌ک له پێشه‌کی دا باسمان کرد ؛ مامۆستا نالی له زمانی فارسی و عه‌ره‌بیدا شاره‌زایی باشی بووه و له شێعره‌کانی خۆیدا که‌ڵکی زۆری له وشه‌گه‌لی ئه‌م دو زمانه وه‌رگرتوه . ئه‌گه‌ر به وردی له شه‌رحی دیوانی نالی ورد بینه‌وه و وه‌ردی به‌ینه‌وه ؛ده‌بینین که بڕێ له‌م وشانه به هه‌ڵه ماناکراونه‌ته‌وه و ده‌توانین ئه‌م هه‌ڵانه بکه‌ین به سێ به‌شه‌وه .
به‌شی یه‌که‌م وشه‌گه‌لێک که "فارسی"ن. چونکه مامۆستا عه‌بدولکه‌ریم ئاشنایی باشی له گه‌ڵ ئه‌م زمانه‌دا نه‌بووه ؛مانای زۆربه‌ی ئه‌م وشانه‌ی به هه‌ڵه لێک داوه‌ته‌وه و ده‌سته‌واژه کینایییه‌کانیشی به ته‌واوی شی نه‌کردوه‌ته‌وه.
به‌شێکی تر له‌و وشانه که به هه‌ڵه مه‌عنی کراونه‌ته‌وه ، وشه‌گه‌لی عه‌ره‌بین . هه‌ر وشه‌ێک که له زمانێکه‌وه ده‌چێته ناو زمانێکی دیکه ، مومکینه ماناکه‌ی بگۆڕدرێت یان ئه‌و وشه له‌گه‌ڵ مانا به‌رچاوه‌که‌ی دا ماناێکی تازه‌یش بگرێ.
ئه‌و وشانه‌ی که بۆ ئه‌م به‌شه هه‌ڵمان بژاردون،ئه‌و وشه عه‌ره‌بیانه‌ن که به هاتنه ناو زمانی فارسی و کوردیه‌وه ماناکه‌یان گۆڕراوه یان ،ماناکه‌یان له زاراوه‌کانی زمانی کوردی ئێران و عێراق دا پێکه‌وه جیاوازیان هه‌یه و مه‌لاعه‌بدولکه‌ریم ئه‌م وشانه‌ی به‌ماناعه‌ره‌بییه ئه‌سڵییه‌که‌یان و به پێی زاراوه‌ی زمانی کوردی کوردوستانی عێراق لێکدا‌وه‌ته‌وه که به جوانی مه‌به‌ستی مامۆستا نالی و مانای شێعره‌که ده‌رناخات.
له چه‌ن شوێنیش دا وشه کوردیه‌کان به هه‌ڵه لێکدراونه‌ته‌وه یان جوان مانا نه‌کراونه‌ته‌وه و ده‌توانن مانای دیکه‌یش بده‌ن. لێره‌دا بۆ هه‌رکام له‌و به‌شانه‌ی که له‌سه‌ره‌وه باسمان کرد؛چه‌ن نمونه‌یه‌ک ده‌هێنین و له‌پێشدا ماناکه‌ی مه‌لاعه‌بدولکه‌ریم و ،پاشان ئه‌ومانایه‌ی که له فه‌رهه‌نگه‌کاندا نووسراوه ده‌خه‌ینه‌به‌رچاو.
ب- 1 : هه‌ڵه له ماناکردنه‌وه‌ی وشه‌فارسیه‌کاندا :
1- بێ سه‌روي ڕه‌وانم ! که‌له‌به‌ر ئه‌شکی ڕه‌وانم
خه‌رقه بووه‌ته غه‌رقه که وا سه‌وزه له به‌رما (دیوانی نالی، ل 119)
ü ڕه‌وان : به‌رز و قنج
من سه‌روی ڕه‌وانی چه‌مه‌نی عاله‌می باڵام نالی به طوفه‌یلی بووه‌ته سایه له دو من
ü ڕه‌وان : راست
"ڕه‌وان" یان "رَوان" وشه‌ێکی فارسییه که له مه‌سده‌ری "رَفتَن" ، واته "ڕۆیشتن" گیراوه وه له "بونی موزاریع + ان "دروست بوه‌که سیفه‌تی فاعیلییه و مانای، (رَوَنده ،درحال رفتن(ف . معين ))ده‌دا.
له‌م به‌یتانه‌ی سه‌ره‌وه ، "ڕه‌وان" سیفه‌ته بۆ "سه‌رو" وه "سه‌روی ڕه‌وان" ئیستیعاره‌ی موسڕڕه‌حه‌یه له "یاری باڵابه‌رز " که به ناز و خه‌رام ده‌ڕوا وه "ڕه‌وان" قه‌رینه‌ی ساریفه‌یه بۆ مانای مه‌جازی سه‌رو .
2- سه‌رگرانه قافڵه‌سالاری ڕێی چین و خه‌تا
چونکه باری عه‌نبه‌ر و میسکه له‌زولفه‌ینی دو تا (دیوانی نالی، ل130)
ü سه‌رگران : خه‌ریک ، سه‌رقورس بوو .
له فه‌رهه‌نگی فارسی موعین دا ماناگه‌لی «1- غضبناك ، خشمگين 2- متكبّر ، خودپرست ، مغرور 3- ناخشنود ، ناراضي 4- مست و خمار» بۆ ئه‌م وشه نوسراوه .
له‌م شێعره دا موته‌که‌ببیر و مه‌غرور و له‌خۆبایی یان مه‌ست و خومار ، جوان تر به مانای وشه‌که ده‌خوا. به پێی ئه‌م بۆچونه ،به‌یته‌که ئاوا لێکدده‌ینه‌وه: یار که پێشڕه‌و و سه‌رقافڵه‌ی کاروانی نازدارانی ڕێی چین و خه‌تایه ، (له‌هه‌مووان جوان تره)؛ چونکه هه‌ردو تاباری زولفه‌کانی پڕ له میسک و عنبه‌ری بۆن خۆش و قیمه‌تیه ؛ مه‌غرور و له‌خۆبایی ،یان مه‌ست و خومار بووه و جوابمان ناداته‌وه .
3- نه‌رگس نیگه‌ه و ساق سه‌مه‌ن ،کورته به‌نه‌فشه‌ن
موسونبول و ڕومه‌ت گوڵ و هه‌م لاله کولاهن (دیوانی نالی، ل 341)
ü ساق :باڵا
« ساق : مابین زان‌و و مچ پا ، بین شتالنگ و زان‌و» (فر‌هنگ فارسی معین)
ساق : لاق ، نێوان ئه‌ژنۆ و مچه‌کی پا. (دیوانی نالی و فه‌رهه‌نگی ، د. مارف خه‌زنه‌دار، ل 279)
واته "ساق" یه‌عنی : نێوان قولاپه تا ئه‌ژنۆ ،
ساق سه‌مه‌ن : یانی ، ساقی یار یان لاقی یار له قولاپه‌وه تا ئه‌ژنۆ ،که ده‌رکه‌وتووه وه‌ک گوڵی سه‌مه‌ن و سێپه‌ڕه سپی و جوانه .
ü م‌و سونبول: ئه‌وه‌ی تازه مووی لێ هاتبێ و مووه‌کانی ڕووی وه‌ک سونبول ناسک بن .
له ئه‌ده‌بییاتدا وه‌جهی شه‌به‌هی ، "موو" و " سونبول " ، زیاتر ، بۆن خۆشییه نه‌ک ناسکی . له‌م به‌یته‌دا مه‌به‌ستی نالی مووی سه‌ره نه‌ک وورده‌مووی ڕوومه‌ت .
4- ئه‌لا ئه‌ي ئاسکی ناسک ، به باسک
شکاندت گه‌ردنی صه‌د شێری شه‌رزه! (دیوانی نالی، ل 449)
ü شه‌رزه : شێر به‌چه ، شێرزاد ، ئازا .
« شرزه : 1-خشمناک ، خشمگین 2-زورمند ، قوی 3- تند و تیز» (فر‌هنگ فارسی معین)
«شه‌رزه : تووڕه ، زۆردار ، به‌هێز و توانا» (دیوانی نالی ، فه‌رهه‌نگی نالی، ل 299)
5- ته‌نی ڕاضی به خه‌شین پۆشی یی وه‌ک شێر و شوتور
بێ نیازه له برێشم ته‌نی ی‌و ، پیله‌ته‌نی (دیوانی نالی، ل 670)
ü پیله‌ته‌نی: پاڵه‌وانی
ده‌توانین ئه‌م وشه به‌م شێوه‌یه‌ش بخوێنینه‌وه :"پیله،ته‌نی".
"پیله " له زمانی فارسی دا به‌و که‌لوو یان ته‌تڵه‌ی کورک و په‌شمه ده‌ڵێن که کرمی ئاورێشم ، به ده‌وری خۆیدا ده‌یته‌نێ و، "ته‌نین " به مانایی "چنین" و درووست کردنه .
6- له دوری تۆ یه ئه‌ی خورشیدی په‌رته‌و به‌خشی شه‌وگه‌ردان
که "نالی" وا له حاڵاتی میحاقی ماهی نه‌و دایه (دیوانی نالی، ل 560)
ü شه‌وگه‌ردان :جه‌معی شه‌وگه‌رده ،واته ئه‌وه‌ی به شه‌و بگه‌ڕێ ، له مانگ و ئه‌ستێره و بنیاده‌م و هه‌رچی تر.
ده‌توانین بڵێین وشه‌ی «شه‌وگه‌ردان» هاوه‌ڵناو(سیفه‌ت)ه بۆ«خورشیدی په‌رته‌وبه‌خش»، وه ئه‌م وشه‌یه سیفه‌تی فاعلییه و له (شه‌و + گه‌رد + ان سیفه‌تی فاعلی )ساز ، بووه که ئیستعاره‌ی موسه‌ڕڕه‌حه‌ی موتڵه‌قه‌یه له " یار " . «شه‌وگه‌ردان» له تایبه‌تمه‌ندی و مولائیماتی شوبهێنراوه .وه "ان" ی جه‌مع نییه .
ب-2 : هه‌ڵه له مانا کردنه‌وه‌ی وشه کوردییه‌کاندا :
1- ئه‌ی سه‌روی بوڵه‌ند قه‌دد و برۆ تاق و مه‌مک جوت!
کێ ده‌ستی ده‌گاته به‌ی و ناری نه‌گه‌یشتوت ؟ (دیوانی نالی، ل 152)
ü جوت: دوان .
جووت : مانای زۆره و لێره‌دا به مانای " دووان " له به‌رانبه‌ر " تاق "دا نییه .
جووت یه‌عنی قوت و قیت ، به‌رزۆبوو، ده‌رپه‌ڕیو .
2- وه‌ڵڵاهی کڵاوی سه‌ری من چه‌رخی ده‌ماڵی
ببوایه به دامانت ئه‌گه‌ر ده‌ست ڕه‌سێکم . ( د. نالی ل 284)
ü ده‌ماڵی: ئه‌کوتایه‌وه .
لێره‌دا مانای کوتاننه‌وه بۆ "ده‌ماڵی" جوان نییه . ماڵین یه‌عنی گه‌سک لێدان (هه‌نبانه بۆرینه) و چه‌رخی ده‌ماڵی واتا به چه‌رخدا ده‌خشا و له عاسمان ده‌که‌وت.
له‌م به‌یته‌دا «کڵاوی سه‌ری من چه‌رخی ده‌ماڵی» ؛یان " چه‌رخ ماڵینی کڵاو " ، کینایه له گه‌یشتن به شان و شکۆ و پله و پایه‌یی به‌رز و هه‌ست به گه‌وره‌یی کردنه .
نالی خۆی له شێعرێکی دیکه‌دا ماڵینی به مانای ، گسک لێدان هێناوه .
بۆ تۆزی ڕه‌هت دیده سه‌قا وو موژه جاڕووب
ترسام که له پێت چێت ده‌مێ جێت بماڵم ( د. نالی ، ل 287)
ب- 3: هه‌ڵه له ماناکردنه‌وه‌ی وشه عه‌ره‌بیه‌کاندا :
1- قه‌للابی جیهان نه‌قدی عه‌یاری نییه قوربان!
'نالی' مه‌حه‌کی هیممه‌تی کردویه موجه‌رره‌ب (دیوانی نالی، ل 136)
یان
به‌زمی ڕه‌ندانه ئه‌مه، مه‌لعه‌به‌یی وه‌عظ نییه
له به‌د و نێکی ی‌و قه‌للابی یی دونیا نییه باس . (دیوانی نالی، ل 235)
ü قه‌للاب: بێ بار
قلّاب : 1- آن‌كه سكّه‌ي قلب زند ، قلب زن . 2- متقلّب (فر‌هنگ فارسی معین)
بێ بار ، یانی ، خوار و خێچ و لاپان ،[مه‌سه‌له‌ن ؛که‌لای بێ بار] وه به مه‌عنی ،نابار و ناله‌باریش به‌کار ده‌بری.ئه‌مما قه‌للاب که‌سێکه که سککه‌ی ته‌قه‌للوبی لێده‌دات و موته‌قه‌للیبه. وه قه‌للابی جیهان ته‌رکیبی ئیزافی مه‌قلووبه،واته جیهانی موته‌قه‌للیب و فێڵباز ، چوونکه دونیا و ماڵ و پله‌وپایه‌ی دونیا ،که شتێکی بێ بایه‌خن له پێش چاوێ ئێمه‌دا به باش و قیمه‌تی نیشان ده‌دات و فێڵمان لێده‌کات .
2- چاوت له برۆ یه‌عنی له ژێر طاقی نه‌ظاره‌ت
بێ په‌رده عه‌یان دێته ته‌که‌للوم به‌ئیشاره‌ت (دیوانی نالی، ل 145)
ü نه‌ظاره‌ت :وه‌زیری
نظارت : عمل ناظر و مقام او ،مراقبت در اجراي امور (ف. معين )
له فارسیشدا " نظارت " به مانای( 1- زیرکی،فراست 2- نظرکردن،نگریستن 3- نظر،نگرش (ف. معين ))به‌کار براوه.
به پێی مانای به‌یته‌که ،نالی، برۆی به عینوانی طاق و مێحراب و جێگه‌ی ته‌ماشاکردن بۆ چاو زانیوه .
3- شیرینی ی‌و له تاڵی ی‌و ترشی عیتابی ڕوت
خاڵت له سه‌ر جه‌بین بووه‌ته دانه‌یی سماق (دیوانی نالی، ل 249)
v
مه‌ستوره‌که حه‌سنا وئه‌دیبه به‌حیسابێ
هاته خه‌وم به چ نازێک و عیتابێ (دیوانی نالی، ل603)
ü عیتاب :گله‌یی و بناشت ، لۆمه و گله‌یی.
عتاب :1. ڕووشی ، شاخه ، درژ و گرژی ، تووڕه‌یی ، توندی 2.گازن، گازنده، له‌ق ، سه‌رڤه‌ده ،واوێژ ، وله ، لۆمه ، سه‌رکۆنه‌ی دۆستانه . ( فر‌هنگ فارسی- کردی، دانشگاه کردستان)
1- خشم گرفتن 2- ناز کردن 3- ملامت کردن 4- خشم و غضب (فر‌هنگ فارسی معین)
4- گۆشه‌گیرم له برۆت و موته‌وححیش له موژه‌ت
ڕۆحی شیرینم ئه‌به‌ر شیر وقولابی ناده‌م (دیوانی نالی، ل 307)
ü موته‌وححیش :هه‌ڵاتوو ، داوه‌کێو .
متوحش : هه‌راسان ، تۆقاو ، ترسا‌و .( فر‌هنگ فارسی- کردی، دانشگاه کردستان)
وحشت كننده ، ترسنده ، هراسان ، نگران . (ف .معين )
5- ئه‌وه‌ند ئه‌ڕجو ده‌کا"نالی" که جار جار
بکه‌ن یادی موحیببی بێ ڕیاتان (دیوانی نالی، ل 320)
ü موحیب : خۆشه‌ویست .
مُحِب : خۆش‌ویست، خوازیار، سۆزدار (فر‌هنگ فارسی- کردی، دانشگاه کردستان)
6- نیه ده‌خلم له شانامه و مه‌صافی غه‌یری ئه‌م نوکته
که کوشته‌ی به‌ندی تۆیه هه‌ر که‌سێ ئازاد و ئازابێ
ü مه‌صاف: ئه‌وه‌ی له ڕیزدا بێ .
مصاف : شه‌ڕگه ، مه‌یدانی جه‌نگ .(فر‌هنگ فارسی- کردی، دانشگاه کردستان)
محل صف زدن ، میدان جنگ ، ڕزمگاه ، جنگ و کارزار . (فر‌هنگ فارسی معین)
پ :ڕازه وێژه‌ریه‌کان:
مامۆستا عه‌بدولکه‌ریم ، له دووای شه‌رح و شڕۆڤه‌ی هه‌ر به‌یتێک به‌شێ له جوانیی ئه‌ده‌بی نێوان به‌یت و وشه‌کان نیشان ده‌دا ، به‌ڵام له نیشاندانی ئارایه‌کاندا زۆرتر سه‌رنج ئه‌داته سه‌ر ئارایه‌گه‌لی له‌فزی وه‌ک جیناس ،تیباق و ته‌ناسوب و... .
له چه‌ند شوێنیش‌دا ئارایه‌کانی به غه‌ڵه‌ت شه‌رح داوه . بۆ وێنه ، حوسنی ته‌علیل و ئوسلوبی موعادله .
حوسنی ته‌علیل: ئه‌وه‌یه که بۆ چۆنیه‌تی(صفت) یان مه‌به‌ستێ که له ناو شێعر و وته‌دا هێناویانه ، هۆکارێک ناوببه‌ن که له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌به‌سته‌دا پێوه‌ندیێکی ناسکی ببێ و ، زۆربه‌ی وێژه‌وانان به پێویستیان زانیوه که ئه‌م هۆکاره ، داواکراو بێ نه‌ک ڕاسته‌قینه . (همایی، فنون بلاغت وصناعات ادبی،ص265،وه‌رگێڕاو)
مه‌لاعه‌بدولکه‌ریم له پێشه‌کی دیوانی نالی‌دا،حوسنی ته‌علیل ئاوه‌ها تاریف ده‌کات :حوسنی ته‌علیل ،ئه‌وه‌یه به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ دۆخێک دابنرێ ، ئه‌و به‌ڵگه‌یه شتێکی ڕاسته‌قینه نه‌بێ ، ته‌نها بۆ ئیعتیبارێکی ناسک و شاعیرانه بێ . (دیوانی نالی، ل 17)
ئه‌م ته‌عریفه بۆ حوسنی ته‌علیل دروسته به‌ڵام لێره‌شدا ئه‌و به‌یته که بۆنمونه هاوردییه‌تی غه‌ڵه‌ته و له به‌یته‌که‌دا ئوسلوبی موعادله هه‌یه نه‌ک حوسنی ته‌علیل ، چوونکه میسراعی دووهه‌م هۆکاری میسراعی یه‌که‌م نیه و میسداق و نمونه‌ێکه
( شیعری خه‌ڵقی که‌ی ده‌گاته شیعری من بۆ ناسکی که‌ی له دیققه‌تدا په‌تک ده‌عوا له‌گه‌ڵ هه‌ودا ده‌کا) (دیوانی نالی، ل 17)
له چه‌ن شێعری دیکه‌شدا ئه‌م هه‌ڵه ده‌بینین :
1- خه‌نده‌ت بوه‌ته باعیسی گریانی ده‌ماده‌م
به‌رقه سه‌به‌بی بارشی بارانی به‌هاری (دیوانی نالی، ل 647)
مامۆستا عه‌بدولکه‌ریم ، له دووای شه‌رح و ته‌وزیحی ئه‌م به‌یته‌دا نوسیویانه : له نیوه‌ی دووهه‌می ئه‌م به‌یته دا حوسنی ته‌علیل هه‌یه بۆ نیوه‌ی یه‌که‌می به‌یته‌که وه له نێوان " خه‌نده " و "ده‌ماده‌م" یشدا جۆره ته‌ناسوبێک هه‌یه و...وه ئاماژه‌ی به ئارایه‌ی ئۆسلوبی موعادڵه -که له به‌یته‌که‌دا هه‌یه- نه‌کردوه .
له نیوه‌ی یه‌که‌می به‌یته‌که‌دا حوسنی ته‌علیل هه‌یه، به‌ڵام نیوه‌ی دووهه‌می ئه‌م به‌یته، ڕاستێنه و میسداقه بۆ نیوه‌ی یه‌که‌م و ده‌یشتوانین دوو میسراعه‌که پاش و پێش خه‌ین بێ ئه‌وه‌ی ماناکه‌ی بگۆڕیێ ، ئه‌مه پێی ده‌ڵێن ، ئۆسلوبی موعادڵه.
2- له‌جگه‌ر گۆشه‌یی شێعرم مه‌ده مه‌عنایی خراپ
بێ خه‌تا که‌س نیه ڕازی که له ئه‌ولادی درێ (دیوانی نالی، ل 653)
نالی ده‌ڵێ : وه‌ک ئه‌وه‌ی که که‌س ڕازی نییه بێ خه‌تا و تاوان ، له مناڵه‌که‌ی بدرێ ، منیش ڕازی نیم شێعره‌کانم ، که وه‌ک جگه‌رگۆشه و مناڵم وان و زۆر خۆشم ده‌وێن ، به‌هه‌ڵه و خراپ ما‌نایان لێ بده‌نه‌وه.[2]
لێره‌شدا مامۆستا عه‌بدولکه‌ریم نووسیویانه که نیوه‌ی دوهه‌می ئه‌م به‌یته ،حوسنی ته‌علیله بۆ نیوه‌ی یه‌که‌می .
ئایا وایه ؟! یان ئۆسلوبی موعادڵه‌یه؟
له‌م شێعره‌ی خواره‌وه حوسنی ته‌علیلێکی جوان هه‌یه به‌ڵام مامۆستا ئاماژه‌ی پێ نه‌کردوه.
1- گوڵ که یاغی و ده‌م دڕا‌و بوو ،که‌وته لاف و ره‌نگ و بۆی
باغه‌بان گوێ گرت و وا هێنای به‌ده‌ستی به‌سته بۆی(دیوانی نالی، ل 691)
شاعیر ده‌ڵێ : گوڵ یاغی بوه و ده‌م درێژی کردوه و داوای جوانی کردوه و باخه‌وانیش به‌خاتری ئه‌م یاغی بوون و لاف و گه‌زافه، گوێچکه‌ی گرتوه و ده‌ستی به‌ستووه و ده‌یوات بۆ لای یار .
مامۆستا عه‌بدولکه‌ریم ، له په‌راوێزی لاپه‌ڕه‌ی 691 دا به ڕێک و پێکی مانای به‌یته‌که شیده‌کاته‌وه و ئاماژه‌ش به هۆکاره داواکراو و ئیدیعاییه‌کانیش ده‌کات به‌ڵام نه‌یانکوتوه له‌م به‌یته‌دا حوسنی ته‌علیل هه‌یه .
بێجگه له حوسنی ته‌علیل ، چه‌ن ئیستعاره‌ی مه‌کنییه له به‌یته که‌دا هه‌یه .
ئاکام :
ئاکامی وتارێکی له‌م چه‌شنه ده‌توانێ ئه‌مه بێت که لێکۆڵه‌رانی به‌رهه‌مه‌ئه‌ده‌بییه‌کان ئه‌بێ شاره‌زایی پته‌ویان له زمان و بابه‌تی لێکۆڵراوه‌که‌وه ببێ و له خوێندنه‌وه و ڕون کردنه‌وه‌ی مانا و مه‌به‌ستی جۆراوجۆری شێعر و وشه و ده‌سته‌واژه‌کاندا گیر و گرفتیان نه‌بێ وه ئه‌گه‌ر گرفتیشیان ببێ ، ئه‌بێ له‌گه‌ڵ که‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا له‌و بواره‌ده ڕاوێژ بکه‌ن .
به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی شاعیرانی گه‌وره ،به تایبه‌ت که‌سانێکی وه‌ک مامۆستا نالی، هه‌ڵگری چه‌ندین مانان ، وه هه‌ر خوێنه‌رێک به‌پێی هزر و بیر و مه‌رامی خۆی بۆچوونێکی جیاواز و تایبه‌تی بۆ شێعره‌کانیان هه‌یه ، بۆیه لێکۆڵه‌ری به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی، پێویسته تا بۆی ئه‌گونجێ ماناگه‌لی جۆراوجۆری وشه و به‌یته‌کان ده‌ربخات و شی بکاته‌وه ، تا خوێنه‌ر ئه‌و مانایه‌ی که پێی په‌سه‌ند و جوانه هه‌ڵبژیرێ.
به‌و هیوایه‌ی که مانای خراپمان له جگه‌رگۆشه‌کانی نالی نه‌دابێته‌وه [3].
سه‌ر چاوه کوردییه‌کان :
1. دیوانی نالی(مه‌لاخدری ئه‌حمه‌دی شاوه‌یسی مکایه‌لی)، لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕڕس و... ، ئینتیشاراتی سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییوبی. چاپی سێهه‌م ، 1368
2. دیوانی نالی و فه‌رهه‌نگی نالی، د. مارف خه‌زنه‌دار ، به‌غداد ، 1977
3. هه‌نبانه بۆرینه- فه‌رهه‌نگی کوردی- فارسی ، شه‌ره‌فکه‌ندی، عه‌دوڕڕه‌حمان (مامۆستا هه‌ژار) ، تاران، سرووش ، چاپی دووهه‌م ، 1376 .
سه‌ر چاوه فارسییه‌کان :
1. ديوان غزليات،شيرازی، حافظ ،به‌كوشش خطيب‌رهبر ،تهران ،صفي‌علي‌شاه، چاپ شانزدهم،1374.
2. ساختار و تأويل متن ، احمدي ،بابك ،تهران ،نشر مركز ، چاپ چهارم، 1378 .
3. فر‌هنگ فارسی- کردی،(سه‌جلدی)،دانشگاه کردستان،به‌سرپرستی ماجد مردوخ روحانی ، سنندج ،چاپ اول ، 1387 .
4. فر‌هنگ فارسی ، دكتر محمّد معين ، تهران ،انتشارات امير كبير ، چاپ نهم، 1375 .
5. فنون بلاغت وصناعات ادبی، همايی،جلال الدين ،ق‌م ،نشر هما، چاپ يازدهم،1374.
[2] - نالی له شێعرێکی دیکه‌دا شێعره‌کانی ، به جگه‌رگۆشه‌ی خۆی ناوده‌با .
شێعره‌کانم ،که جگه‌رگۆشی منن، ده‌ربه‌ده‌رن دڵی نالی چ ڕه‌قه،قه‌ط غه‌می فه‌رزه‌ندی نییه ! (دیوانی نالی، ل 596)
[3] . له‌جگه‌ر گۆشه‌یی شێعرم مه‌ده مه‌عنایی خراپ بێ خه‌تا که‌س نیه ڕازی که له ئه‌ولادی درێ (دیوانی نالی، ل 653)
وبلاگ "ويژه" (ادبيات) كاري از «رضـا اسعــدی و محمـد رحیـم پور »، مدرسان دانشگاه و دبیران زبان و ادبیات فارسی مقطع متوسطه و پیش دانشگاهی شهرستان سقز كه فعاليت خود را در سال تحصيلي 88/87 آغاز نموده است . این وبلاگ آمادگي خود را جهت درج مطالب و نظرات همكاران و صاحب نظران اعلام مي‌كند. همكاران گرامی ميتوانند مطالب خود را به صورت تايپ شده ،در قالب سي دي يا فلاش ارسال نمايند تا با نام آنان در وبلاگ ثبت گردد. اين وبلاگ هيچ گونه مسئوليتي در قبال محتواي مطالب ارائه شده از سوي همكاران ندارد.